بۆچی
زۆربەی پلانەكانی دەستپێكردنی بزنس سەركەوتوونابێت!
لە خۆت پرسییە بۆ چی زۆربەی ئەوكەسانەی دەڵێن پلانمان هەیە بزنس
دەستپێبكەین سەركەوتوونابن؟
قسەیەك هەیە دەگوترێ ئەوانەی پلانی باش ئامادە دەكەن لە جێبەجێكردن
خراپن!
لە ماوەی كاركردنم كە زیاترە لە 16 ساڵ لە بواری بزنس سەیرمكرد زۆربەی
ئەوانەی كەسانی سەركەوتوون لەوبوارە كەسانێكن ناتوانن پلانێكی نووسراوی رێك وپێك
بنووسن، بەڵام بیركردنەوەیەكی زۆر بەهێزیان هەیە دەربارەی بازار وتەنها بە قسە
دەتوانن قەناعەتت پێبێنن بێ ئەوەی پلانێكی نووسراوی پێشینەیان هەبێت.
زۆربەی ئەوكەسانەی سەركەوتوون لە بزنس دەبینی لە خوێندن سەركەوتوو
نەبوونە (ناڵێم هەموویان بەڵكو زۆربەیان!)، چەندین خاوەن كار دەناسم بڕوانامەی
بەرزیان نییە بەڵام بڕوانامەی بەرزی لێهاتوویان هەیە لە بازار، ئەوە تەنها لێرە
نییە بەڵكو لە هەموو جیهان هەمان سیناریۆ دووبارە دەبێتەوە.
لێرە دەمەوێ بە شێوازێكی وردتر باسی ئەو بابەتە بكەم:
پلاندانان پێش دەستپێكردنی كار: ئاساییە پلان
دابنێی پێش دەستپێكردنی كارەكە بەڵام لە راستیدا ئەگەر یەكەم جار كارەكە
دەستپێبكەی بۆ ماوەیەكی كورت بۆت دیاردەكەوێت چ شتێك بۆ بزنسەكەت باشە وچ شتێك
سەركەوتوو نابێت لەو حاڵەتە دەتوانی پلانێكی تۆكمە دابمەزرێنی وبەردوام بی لەسەری
ولەكاتی پێویست بیگۆڕی تا لەگەڵ بوارەكەی تۆ گونجاوبێت، چونكە زۆربەی ئەوانەی (بە
بڕوای خۆیان) پلانێكی زۆر باشیان هەیە بەڵام كاتێك دێنە ناو بازار دەبینن
بەوشێوەیە نییە كە ئەوان بیریان لێكردبۆوە، دەبێ بازار بڕیاری كۆتایی لەسەر
پلانەكەت بدات نەوەك خەیاڵاتەكانمان ئەگەر بتەوێ سەركەوتن بەدەست بێنی.
زانیاری زیاتر لە جێبەجێكردن: باشترین كەس ئەوەیە ئەو زانیاریانەی بەدەستی هێنایە جێبەجێیان بكات،
زۆربەی كارسازەكان زانیاریەكی یەكجار باشیان هەیە بۆ نموونە كتێبان خوێندووتەوە
وبەشداری راهێنانیان كردووە وگەڕانێكی باشیان كردووە بەدوای زانیاری بەڵام كە دێتە
سەر جێبەجێكردن زۆر خاون ودرێخی لێدەكەن چونكە شارەزاییەكی ئەوتۆیان نییە چۆن بە
كردار كارەكان بكەن، هەروەها ئەوانەش كرداریان هەیە بەڵام نازانن چۆن پلانێكی
نووسراوی رێكوپێك ئامادەبكەن دەبینین كارێكی زۆر دەكەن بەڵام ئەنجامەكانیان
لەئاستی پێویست نییە ودەتوانرێت باشتر كارەكانیان رێكبخەن ئەگەر هاتوو پلانێكی
نووسراویان هەبێت بەڵام لەگەڵ ئەوشدا دەبینین ئەوانە هەرچەندە ماندووترن بەڵام
باشتر لەبازار كاردەكەن وسەركەوتووترن.
مەبەست لەم بابەتە مانای ئەوە نییە پلاندانان پشتگوێ بخەی ویەكسەر
بچیتە ناو بازار بەڵكۆ هەوڵ بدە لە بازار تێبكەی بە كردار ودواتر پلانت هەبێت،
نەوەك تەنها بە تیۆری پلانەكان ئامادەبكەیت وهەموو هێزەكەت لەو سەرف بكەی بێ ئەوەی
بزانی لە بازار چ دەگوزەرێ وئاستەنگەكانی كامانەن.
0 comments:
Post a Comment