پێویست
ناكات لە وڵاتێك بژی كە زمانی ئینگلیزی زمانی ڕەسەن بێت بۆ ئەوەی ئینگلیزیەكەت
ڕەوان بێت. ئەگەر كەسێكی زیرەك بیت دەربارەی ئەو ڕێگایەی لێوەی فێری ئینگلیزی دەبیت تەنانەت پێویست
ناكات شارەكەشت جێبهێڵی. ئەم دە ئامۆژگاریانە بەكاربهێنە بۆ بەرەوپێشبردنی ئینگلیزیەكەت
بە بێ ئەوەی لە شارەكەت بچیتە دەرەوە.
١- خۆت دەوربدە بە ئینگلیزی
پێویست ناكات لە وڵاتێكی ئینگلیزی بژیت بۆ ئەوەی چواردەورت
ئینگلیزی بێت. وابكە ئینگلیزی ببێتە بەشێك لە ژیانی ڕۆژانەت لە ماڵەوە، وەكو
بەكارهێنانی زمانی ئینگلیزی لە نووسینی لیستی بازاركردن، خوێندنەوەی ڕۆژنامە،
گوێگرتن لە ڕادیۆ و نووسینی یادەوەریەكانت، یاخود گوێگرتن لە زمانی ئینگلیزی لە
ڕێگەی موبایلەكەت كاتێ بە ڕێگاوەیت بۆ سەركار.
٢- هاوڕێی ئینگلیز بدۆزەوە
تەنانەت كە لە وڵاتێكی ئینگلیزیش نەژیت، لەوانەیە زۆر كەسی بیانی
لە نزیك خۆتەوە هەبن. بە ڕێگایەك هەوڵی ناسینیان بدە. بۆ نمونە لە چێشتخانە و
یانەی وەرزشی و كۆمەڵایەتیەكان تێكەڵیان بە، یاخود كۆبونەوەی ئاڵوگۆڕی زمان
ڕێكبخە. تەنانەت دەتوانی بەشێوەیەكی خۆبەخشی لە شوێنێكی گەشتیاری ناوخۆ ببیتە
ڕێبەرێكی گەشتیاری و خەڵكی ئینگلیز بناسی كە لە سەرتاسەری جیهانەوە دێن.
٣- هاودەمێك بۆ خوێندن بدۆزەوە
پێویستت بە قسەكەری ئینگلیز نیە بۆ ڕاهێنانی ئینگلیزیەكەت.
هاوڕێیەك بۆ فێربوون بدۆزەوە یا یانەیەكی ئینگلیزی دروست بكەن و بەشێوەیەكی
بەردەوام ڕاهێنان بكەن. یاخود دەتوانن هانی یەكتر بدەن و بەشێوەیەكی كاریگەر فێربن
لە ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی یەكتر.
٤- بابەتی دروست بەكاربهێنە
بە تەنها خوێندنەوەی پەرتووکی خوێندن بێزاركەرە. هەوڵبدە ئەو
نووسینانە بخوێنیتەوە كە بۆ ئینگلیزەكان و لەلایەن ئینگلیزەكانەوە نووسراون. لە
سەەرەتادا سەختە بەڵام كە ڕاهاتی لەگەڵی هەستێكی خۆشت پێدەدات. ئەگەریش نەتتوانی
پەتووک و گۆڤاری ئینگلیزی بەدەست بخەی، لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە هەموو ڕۆژێك
هەواڵەكان بخوێنەوە.
٥- لە سەر هێڵی ئینتەرنێت بە
ئینتەرنێت بەكاربهێنە و لە پەیوەندی دابە لەگەڵ خەڵك لە سەرتاسەری
جیهانەوە و پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ بكە . دەتوانی هەر لە ڕێگەی
ئینتەرنێتەوە خولی ئینگلیزی وەربگری. بەشداربە لەو كۆڕانەی كە گفتوگۆ دەربارەی
كلتور دەكەن و ئینگلیزیەكەت پەرەپێبدە. ئێستا لە ڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان
دەتوانیت بە ئاسانترین شێوە لە پەیوەندی دابیت لەگەڵ هاوڕێكانت لە سەرتاسەری
جیهان.
٦- ئامانجی ڕاستەقینە بۆ خۆت دابنێ
هۆكارێک بدە بە خۆت بۆ فێربوون: ئایا دەتەوێت پلەت بەرزبێتەوە، یا
دەتەوێت بتوانی لەگەڵ هاوپۆلە بیانیەكانت گفتوگۆ بكەیت، یا دەتەوێت لە دەرەوەی
وڵات بخوێنی، یانیش لەوانەیە بتەوێت پشووی داهاتووت لە وڵاتێكی قسەپێکەری ئینگلیزی
بەسەربەریت؟ ئامانجی كورت و درێژ مەودا دابنێ و چاودێری بەرەو پێشچونی خۆت بكە.
٧- گوێ لە ئینگلیزی ڕاستی بگرە
گوێیەكانت ڕابهێنە بۆ گوێگرتن لە زمانی ئینگلیزی بە خێراییەكی
ئاسایی، تەنانەت كە لە هەموو شتێكیش تێنەگەیت. هەروەها ڕاهێنان بكە بۆ گوێگرتن
بەبێ ئەوەی نووسینەكەی یاخود ژێرنووسەكەی ببینی،
شتێكی ئاساییە كە بۆ چەند جارێك دووبارە گوێ لە بەشێ بگرین بۆ تێگەشتن لە وشەیەكی سەرنج
ڕاكێش یا نامۆ. ئێستا زۆر بە ئاسانی بە شێوەیەكی خۆڕایی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە فایلی
بیستراو و هەواڵی زۆربەی وڵاتەكانمان بە شێوەی ڤیدیۆ و دەنگ دەست دەکەوێت.
٨- ڕێگەی سەرنج ڕاكێش بدۆزەوە بۆ فێربونی وشەی نوێ
ئەگەر حەزت لە گۆرانی بێت، سەیری ئەو وشانە بكە كە لە گۆرانیە
ئینگلیزیە دڵخوازەكانت دا هەیە. وە ئەگەر دەتەوێت وشەكانت بیربێتەوە، ئەوا وشەكان
لەسەر كاغەزی تێبینی بنووسە و لە چواردەوری خۆت لە ناوماڵەكەت هەڵیان بواسە.
نمونەی رستەی پێكەنیناوی بنووسە یاخود وێنەی بچوك بكێشە و لە تەنیشت وشەكانی دابنێ
بۆ ئەوەی وشەكانت بە ئاسانی بیربێتەوە.
٩- دەربارەی كلتور بزانە
زانیاری بدۆزەوە دەربارەی خەڵك و كلتوری وڵاتە ئینگلیزیەكان.
فێربوونی زمان بە تەنها ڕێزمان و وشە نیە، چونكە سەرەڕای برەودان بە پێشخستنی
توانای قسەكردنی خۆت، دەتوانیت گفتوگۆ بكەیت لەگەڵ خەڵكانێك كە بە ڕێگایەكی جیاواز
بیردەكەنەوە.
١٠- هەرشتێ دەكەیت، چێژی لێ ببینە!
فێربونی زمان پێویستی بە ماندوبونە، بەڵام ئەگەر چێژت لێی بینی
حەزەكانت بۆی زیاد دەكات. یاری جیاواز بكە، بۆ نمونە یاری پێشبینی كردنی وشە،
گۆرانی وتن، خوێندنەوەی نوسراوی گاڵتە و گەپ، نیگەران مەبە دەربارەی هەڵەكردن ،
چونكە زۆربەی كات باشترین ڕێگا بۆ فێربون هەڵەكردنە.
وەرگێڕانی: جوتیار جلال حسن
دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی
0 comments:
Post a Comment