• نوێترین بابەت

    كارگێڕی‌ زانسته‌ یان هونه‌ر؟




    كارگێڕی‌ زانسته‌ یان هونه‌ر؟
    پرسیارێكی‌ زۆر باوه‌ كه‌ ڕووبه‌ڕووی‌ لێكۆڵه‌ران و توێژه‌رانی‌ بواری‌ كارگێڕی‌ ده‌بێته‌وه‌، زاناكانی‌ بواری‌ كارگێڕیش له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و پرسیاره‌دا ده‌بن به‌ دوو ده‌سته‌وه‌، هه‌ر ده‌سته‌یه‌و كۆمه‌ڵێك پاساوی‌ گونجاوی‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌، كه‌ پاڵپشتی‌ تێڕوانینه‌كه‌ی‌ ده‌كات.

    تیمی‌ یه‌كه‌م كه‌ كارگێڕی‌ به‌زانست له‌قه‌ڵه‌مده‌ن، تێڕوانینه‌كه‌یان به‌وه‌ پشت راست ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ كارگێڕی‌ كۆمه‌ڵێك تیۆره‌ی‌ زانستی‌ و بنه‌مای‌ پراكتیكی‌ له‌خۆده‌گرێ‌ كه‌ له‌كۆلێژی‌ تایبه‌ت به‌و بواره‌دا ده‌خوێندرێت. سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ چه‌ندین لق و پسپۆری‌ تری‌ لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌موو ئه‌مانه‌ش پێمان ده‌ڵێن، كارگێڕی‌ پشت به‌ستووه‌ به‌شێوازی‌ زانستی‌ له‌پیاده‌كردنی‌ ئه‌ركه‌ كارگێڕیه‌كانی‌ وه‌ك (پلاندانان، ڕێكخستن، ئاڕاسته‌كردن، چاودێری‌ و بڕیاردان)دا.

    تیمی‌ دووه‌م كه‌ پێی‌ وایه‌ كارگێڕی‌ هونه‌ره‌ نه‌ك زانست، به‌رگری‌ له‌ بۆچوونه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: سه‌ركه‌وتن له‌پراكتیزه‌كردنی‌ بنه‌ماكانی‌ كارگێڕی‌ و ڕێساكانیدا، به‌شێوه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی‌ پشت به‌تایبه‌تمه‌ندی‌ كه‌سه‌كان ده‌به‌ستێ‌، ئه‌و كه‌سانه‌ش به‌پێی‌ تواناو لێوه‌شاوه‌ییان جیاوازن، به‌ته‌نیا ئاماده‌كاری‌ زانستی‌ گرنتی‌ بوونی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ سه‌ركه‌وتوو ناكات. بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی‌ بۆچوونه‌كه‌شیان نموونه‌ی‌ چه‌ندین سه‌ركه‌وتنی‌ مه‌زن ده‌هێننه‌وه‌ كه‌ خه‌ڵكانێك به‌ده‌ستیان هێناوه‌ بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ به‌ كۆلێژ، یان په‌یمانگه‌ی‌ تایبه‌تمه‌نده‌وه‌ بكه‌ن، یان تیۆره‌ كارگێڕییه‌ زانستییه‌كانیان به‌قوڵی‌ خوێندبێ‌. ئه‌و گروپه‌ دووتر له‌وه‌ ده‌ڕۆن و ده‌ڵێن: به‌ڕێوه‌به‌ر له‌دایك ده‌بێ‌ و دروست ناكرێ‌، به‌واتای‌ ئه‌وه‌ی‌ به‌ڕێوه‌بردن به‌هره‌یه‌و ئاماده‌كارییه‌كی‌ كه‌سییه‌ له‌گه‌ڵ‌ مرۆڤدا و به‌ده‌ست نایه‌ت.

    له‌ئه‌نجامی‌ ئه‌و دوو تێڕوانینه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌دا، كه‌ هه‌ر تێڕوانینه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی‌ گونجاو داكۆكی‌ له‌ دید و بۆچوونی‌ خۆی‌ ده‌كات، ئێمه‌ پێمان وایه‌ كارگێڕی‌ زانست و هونه‌ره‌ له‌یه‌ك كاتدا، له‌به‌رئه‌وه‌ی‌ كارگێڕی‌ له‌م سه‌رده‌مه‌دا، چه‌ندین تیۆره‌ و چه‌مكی‌ هه‌یه‌، كه‌ ده‌توانین له‌سه‌ر ئه‌و تیۆره‌و چه‌مكانه‌ چه‌ندین كه‌س به‌زانیاری‌ و لێوه‌شاوه‌یی‌ كارگێڕی‌ گۆش بكه‌ین و رابێنین، هاوكات هونه‌ریشه‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سه‌ی‌ به‌و تیۆره‌و چه‌مكانه‌ ئاشنا ده‌بێت و راده‌هێنرێت پێویسته‌ كارامه‌یی‌ و لێهاتوویی‌ پێویستی‌ تێدا بێ‌ له‌پێناو پیاده‌كردن یان جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و تیۆر و چه‌مكانه‌دا.




    نوسەر : Pavel Jamal
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک

    0 comments:

    Post a Comment

    Item Reviewed: كارگێڕی‌ زانسته‌ یان هونه‌ر؟ Rating: 5 Reviewed By: Pavel Jamal
    Scroll to Top