• نوێترین بابەت

    به‌ڕێوه‌به‌ر كێیه‌ ؟



    به‌ڕێوه‌به‌ر كێیه‌ ؟
    له‌سه‌رجه‌م ڕێكخراوه‌كانی‌ ئێستادا زاراوه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ر له‌ژێر چه‌ندین ناوی‌ جۆراوجۆردا به‌دی ده‌كرێت، له‌پۆست و ئه‌ركی‌ جۆراوجۆر و فره‌ چه‌شندا كارده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌: سه‌رۆك، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ گشتی‌، سه‌رۆك تیم، به‌ڕێوه‌به‌ری‌ پڕۆژه‌، راگری‌ كۆلێژ، سه‌رۆك به‌ش و به‌ڕێوه‌به‌ری‌ كارگێڕی‌ و...هتد. به‌ڕێوه‌به‌ر به‌شێوه‌یه‌كی‌ راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌ندام و كارمه‌ندانی‌ ڕێكخراوه‌كه‌دا كار ده‌كات، پاڵپشتیی‌ و هاوكاری‌ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ ده‌كات له‌ ئه‌ركه‌ جۆراوجۆره‌كانیاندا، ئه‌ویش له‌پێناو به‌دیهێنانی‌ باشترین ئه‌نجامدا.

    به‌ڕێوه‌به‌ر كه‌سێكه‌ لایه‌نێكی‌ دیاریكراو دایده‌نێ به‌مه‌به‌ستی‌ سه‌رپه‌رشتیكردنی‌ یه‌كه‌یه‌ك یان دامه‌زاره‌وه‌یه‌ك یان ڕێكخراوه‌یه‌ك، ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌ڕێوه‌به‌ر بریتییه‌ له‌: (پلاندانان، ڕێكخستن، سه‌ركردایه‌تی‌ كردن، ئاڕاسته‌كردن و چاودێری‌ چالاكی‌ و به‌جێگه‌یاندنی‌ كاره‌كانی‌ ئه‌و كارمه‌ندانه‌ی‌ كه‌ له‌ ڕێكخراوه‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن).

    به‌دیكردنی‌ به‌ڕێوه‌به‌ر له‌ لوتكه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ ئه‌و یه‌كانه‌دا (ڕێكخراوانه‌دا) وای لێده‌كات به‌رپرسبێت له‌ ئه‌ندامان و كاره‌كانیان، به‌رپرس بێت له‌ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌و پلانانه‌ی‌ كه‌ ئامانجه‌كانی‌ ڕێكخراوه‌ ده‌هێنێته‌ دی‌. له‌ دونیای‌ هاوچه‌رخدا هیچ پۆستێك به‌دی‌ ناكه‌ین هێنده‌ی‌ پۆستی‌ به‌ڕێوه‌به‌ر زیندوو بێت بۆ كۆمه‌ڵگه‌و به‌ره‌وپێشبردنی‌، به‌تایبه‌ت له‌ئێستادا كه‌ به‌ڕێوه‌به‌ر سه‌رمایه‌ی‌ مرۆیی‌ به‌ڕێوه‌ ده‌بات، كه‌ پڕ بایه‌خترین سه‌رمایه‌یه‌ و ته‌واوی‌ ڕێكخراوه‌كان له‌پێناو سه‌ركه‌وتندا پشتی‌ پێده‌به‌ستن.

    به‌ڕێوه‌به‌ر ئه‌ركی‌ پێشبینی‌ ئه‌و گۆڕانكاری‌ و پێشهاتانه‌ی‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ كه‌ له‌ ژینگه‌ی‌ ده‌ره‌كی‌ و ناوه‌كی‌ ڕێكخراوه‌كه‌دا ڕووده‌دات، سه‌ره‌ڕای‌ ئاماده‌كاری‌ بۆ ئه‌و هه‌ل و پێشهات و كۆسپ و ته‌گه‌رانه‌ی‌ (گۆڕانكاریانه‌ی‌) دێنه‌ به‌رده‌م ڕێكخراوه‌كه‌، یان ڕووبه‌ڕووی‌ ده‌بێته‌وه‌. كه‌واته‌ به‌ڕێوه‌به‌ر به‌رپرسه‌ له‌ چۆنێتی‌ به‌ڕێوه‌بردنی‌ ڕێكخراوه‌كه‌، بڕیاری‌ ئه‌وانیش به‌شێوه‌یه‌ك گۆڕانكاری‌ له‌ ڕێكخراوه‌كه‌دا ده‌خوڵقێنێ‌ كه‌ كاریگه‌ری‌ به‌رچاو له‌سه‌ر ته‌واوی‌ كایه‌كانی‌ ژیانمان داده‌نێت.

    له‌ڕوانگه‌ی‌ ئه‌و وتانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ ده‌توانین پێناسه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌به‌ر بكه‌ین و بڵێین: به‌ڕێوه‌به‌ر كه‌سی‌ به‌رپرسه‌ له‌كاری‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ له‌و یه‌كه‌دا كار ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌و سه‌ركردایه‌تی‌ ده‌كات، هه‌روه‌ها هاوكار و پاڵپشتیانه‌ له‌ كاره‌كانیاندا.






    نوسەر : Pavel Jamal
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک

    0 comments:

    Post a Comment

    Item Reviewed: به‌ڕێوه‌به‌ر كێیه‌ ؟ Rating: 5 Reviewed By: Pavel Jamal
    Scroll to Top