رای كرۆك، لە ساڵی 1902 لە ویلایەتی شیكاگۆ لە ئەمریكا لەدایك بوو،
باوكی فەرمانبەرێكی ئاسایی بوو، هەوڵی دەدا هەر چۆن بێت بژێویی خانەوادەكەی دابین
بكات، بەڵام منداڵەكەی خەونی گەورەی دەبینی و دەیویست زۆر شت دەست بخات.
کرۆک، حەزی لە خوێندن نەبوو، بۆیە وازی لە خوێندن هێنا و خۆی بە کاری بازرگانییەوە سەرقاڵ کرد، سەرەتا فرۆشیارێكی بچوك بوو، دواتر بووە بازرگانی ئامێرەكانی موزیك. لە ماوەی جەنگی یەكەمی جیهانیدا قاوەی وشکی دەبردە ماڵان بۆ فرۆشتن، پاشان لە خاچی سووری نێودەوڵەتی وەكوو شۆفێری ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن كاری كرد.
ئەو هەوڵی دەدا وەكوو باوكی ژیانێكی ناخۆشی نەبێت، بۆیە بەدوای ئامرازێكدا دەگەڕا تاكو ژیانی خۆی پێ بگۆڕێت، جەنگ كۆتایی هات و لە كارگەی دروستكردنی كوپی پلاستیكی دەستبەكار بوو، بەڵام سەرنەكەوت، بۆیە گەڕایەوە بواری موزیك و لە رادیۆی ناوخۆیی شیكاگۆ دەستبەكار بوو، پاش ساڵێك ئەوێی بەجێ هێشت و رووی لە كەرتی خانووبەرە كرد، لەم كارەدا پارەیەكی باشی كۆ كردەوە، بەڵام لە ساڵی 1926دا نرخی زەوی داڕما و زیانێكی زۆری بەركەوت و مایەپووچ بوو.
پاش تاقیكردنەوەی چەند كارێكی دیکە و سەختی بینینێكی زۆر وەكوو خۆی دەڵێ: "لەو ماوەیە زۆر مایەپووچ بووم، زستانێكی زۆر سارد بوو تەنانەت یەك چاكێتم نەبوو لەبەری بكەم، چەترێكیشم نەبوو، جارێكیان تا گەیشتمەوە ماڵەوە سەرما و بەفر منیان تەزاند، لەڕووی دەروونییەوە زۆر رووخابووم، لەگەڵ ئەوەشدا خەونی گەورەم هەبوو بۆئەوەی بگەمە پاشەڕۆژێكی باش".
کرۆک، جارێكی تر گەڕایەوە بۆ كۆمپانیای كوپە پلاستیكییەكان و بووە بەڕێوەبەری فرۆشتن، ئەم جارەش دەستی لە كارەكەی كێشایەوە بۆئەوەی گرێبەستێك لەگەڵ خاوەنی بیرۆكەیەك ئەنجام بدات، ئەویش خاوەنی ئەو ئامێرە بوو كە شەربەتی لەگەڵ شیر تێكەڵ دەكرد، ناوی ئەو ئامێرە (مەڵتی میكسەر) بوو، بووە دابەشكەری ئەو ئامێرە لە وڵاتەكەیدا، خەڵك پێیانوابوو ئەو شێت بووە، چونكە لەپێناو ئەو ئەزموونه نوێیە پاش 17 ساڵ كارەكەی جێ هێشت، بەڵام توانی سەربكەوێت و خەڵك بە كڕینی ئەو ئامێرە رازی بكات، بەڵام ئەوەی خەونی ئەو بوو نەهاتە دی.
کرۆک لە تەمەنی 52 ساڵیدا، رۆژێكیان لە شەقامێکدا پیاسەی دەكرد، بیری لە فرۆشتنی هەمبەرگر لە كالیفۆرنیا كردەوە، لەگەڵ هەردوو براکەی "ریچارد" و "مۆریس" خواردنگەیەکیان بە ناوی "ماکدپناڵدز" کردەوەو وردە وردە بازاڕیان گەرم دەبوو، چونكە خواردنەكەیان زۆر باش بوو و زوو ئامادە دەكرا، هەمبەرگر لەگەڵ پەتاتە بە مەقڵی دەستی ئامادە دەكرا. هەشت جۆر هەمبەرگریان دروست دەکرد، پاش چەند ساڵێکی کەم خواردنگەکە لقی زۆری لە ئەمریكا لێ کرایەوە، هەردوو براکەی کرۆکیش بەرامبەر دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار لە پرۆژەکە هاتنە دەرەوە. دواتر خواردنگەكانی (ماكدۆناڵد) سنووری وڵاتی بڕی، ئێستا زیاتر لە ٣٠ هەزار لقی لە ١٢١ وڵاتدا هەیە و زیاتر لە ٤٦٥ هەزار کەس کاری تێدا دەکەن.
ئەو زیاتر لە 20 جار شكستی هێنا و چەندین جار مایەپووچ بوو، بەڵام نە بێزار بوو نە كۆڵی دا، تا دواجار شوێنێکی بچووکی هەمبەرگرفرۆشی کردە ئیمپراتۆرییەتی ماکدۆناڵدز بۆ خواردنە خێراکان، وێرای ئەوەی خاوەن یان پشکداری چەندین خواردنگەی دیکەیە. ئەو لە ساڵی ١٩٨٤ کۆچی دوایی کرد، بەڵام چیرۆكی سەركەوتنی خۆی لە مێژوودا تۆمار كرد.
0 comments:
Post a Comment