• نوێترین بابەت

    ژیانی بیل گیتس ودامەزراندنی مایكرۆسۆفت






    مایكرۆسۆفت بە یەكێك لە بەناوبانگترین كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی بەرنامەكانی كۆمپیوتەر دادەنرێت، كە لە بیرۆكەیەكەوە سەرچاوەی گرت و وەكو خەیاڵێكی دووردەست بوو .
    بیل گەیتس” خاوەنی كۆمپانیاكەیە، لە ساڵی ١٩٥٥ لە شاری سیاتێل لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە خێزانێكی دەوڵەمەند لەدایك بووە، لە بنەڕەتدا خانەوادەكەی ئێرلەندی – سكۆتلەندین، باوكی پارێزەرێكی بەناوبانگ بووە، لە بیركاری و زانستەكان بێ سنوور زیرەك بووە، بۆیە خانەوادەكەی ناردوویانەتە قوتابخانەی “لیكساید”ی تایبەت كە زۆر بەناوبانگ بووە لە ڕووی فێربوونەوە، بێل بۆ یەكەم جار لە ژیانی لەو قوتابخانەیە كۆمپیوتەری بینی و هەر لەو قوتابخانەیەش ئاشنای “پۆل ئالن”ی هاوڕێ بوو.




    گەیتس، لە منداڵییەوە كاتی خۆی بەفیڕۆ نەدەداو تەمبەڵ نەبوو، هەمیشە دەیگوت “دەتوانم هەموو شتێك بكەم، ئەگەر هەموو بیركردنەوەی خۆمی بۆ تەرخان بكەم.”
    بیل” لە تەمەنی 13 ساڵیدا زۆر گرنگی بە كۆمپیوتەر دەدا، لەگەڵ دوو لە هاوەڵانی “كانت ئیڤانس” و “پول ئالن”، زۆربەی كاتەکانیان بە كۆمپیوتەرەوە بەسەردەبردو، وانەكانی تری خوێندنەكەیان پشتگوێ دەخست، لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا یەكەم بەرنامەی كۆمپیوتەری خۆی نووسییەوە، کە یارییەك بوو بە زمانی (بەیسك) دروستی كردبوو،  لەگەڵ “ئالن”ی هاوەڵی بیریان لەوە كردەوە بەرنامەی كۆمپیوتەر دروست بكەن، پەیوەندییان بە كۆمپانیایەكی كۆمپیوتەرییەوە كرد بۆئەوەی بەرنامەیان بۆ دروست بكەن، كۆمپانیاكە داوای دوو بەرنامەی كرد، لە ماوەی دوو مانگدا داواکەیان بەجێگەیاند، ئەمە رێگای بۆ دامەزراندنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت خۆش كرد.




    لە ساڵی 1973 پێوەندی بە زانكۆی هارڤاردەوە كرد، دواتر “پۆل”ی هاوڕێشی هاتە زانكۆو دەستیان بە خوێندن كرد شەو تا بەیانی خەریكی كۆمپیوتەر دەبوون، وبە ڕۆژیش لە وانەكانی زانكۆ خەویان لێ دەكەوت، دوای ساڵێك وازیان لە خوێندن هێنا.
    پۆل لەوكاتەی بۆ دیداری بێل دەڕۆیشت، لە ماركێتێك گۆڤارێكی ئەلیكترۆنی بینی و لەسەر بەرگەكەی وێنەی كۆمپیوتەر “ئالتێر 8800” دانرابوو، نووسرابوو “یەكەم كۆمپیوتەری مایكرۆیی تایبەت بە كاروباری بازرگانی” پۆل گۆڤارەكەی كڕی، لەماوەی چەند ڕۆژێك بێل پێوەندی بە كۆمپانیای “میتس” كرد كە كۆمپانیای بەرهەمهێنەری كۆمپیوتەری “ئالتێر 8800” بوو، پێی ڕاگەیاندن كە لەگەڵ هاوڕێکەی بەرنامەیەكی وەرگێڕانی بۆ كۆمپیوتەرەكەیان گەشە پێ داوە بە زمانی پڕۆگرامینكی باسك، لە راستیدا ئەوان هیچ بەرنامەیەكیان ئامادە نەكردبوو، بەڵام لە دوای تەلەفۆنەوە دەستیان بە پڕۆگرامینگ كردو، دوای هەشت هەفتە پڕۆگرامەكەیان تەواو كردو، پۆل بە فڕۆكەیەك چوو بۆ بارەگای كۆمپانیای میتس و بەرنامەكەی خستە ڕوو، لەئەنجامدا وەك جێگری بەڕێوەبەری بەشی پڕۆگرامینگی كۆمپانیاكە گرێبەستی لەگەڵدا كراو بێڵیش لەگەڵیدا كاری دەست كەوت.



      
    دواتر “بیل” دەستی بە دروستكردنی بەرنامەی وۆردو ویندۆز كرد، كۆمپانیای (IBM) بیل” و “ئالن”یان ئاگادار كردەوە سیستەمی كارپێكردنی بەرنامەیان بەرامبەر ملیۆنەها دۆلار بۆ دروست بكەن، “بیل” بە هەموو مەرجەكان رازی نەبوو، پاشان سیستەمێك بەناوی ((QDOS-86 دروست كرا، كۆمپانیای مایكرۆسۆفت بەرامبەر 25 ملیۆن دۆلار مافی كۆپیكردنی ئەو سیستەمەی وەرگرت، پاشان ئەو سیستەمەیان پێشخست و بەناوی (MS-DOS) بە كۆمپانیای(IBM)یان فرۆشت،  لەو كاتەوە پەیوەندی نێوان كۆمپانیای(IBM)  و مایكرۆسۆفت خۆش بوو، (IBM) هەزاران کارمەندی هەبوو، قازانجی ساڵانەیان زیاتر لە ٣٠٠ ملیار دۆلار بوو.



    پاشان “بیل” دەستی بە دروستكردنی بەرنامەی (Word 1.0) كرد كە 3 ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دۆلاری بۆ رێكلامكردن تەرخان كرد، ئەو باشترین دە بەرنامەی دروست كرد، لەو كاتەدا دەستی بە دروستكردنی ویندۆوز کرد، شەوو رۆژ بۆ ماوەی دوو ساڵ خەریك بوو بەڵام كارەكەیان زۆر لاواز بوو، “بیل” بە سەرنەكەوتنی پرۆژەكە زۆر دڵگران بوو بەڵام كۆڵی نەدا، ئەوە بوو جیهانی كۆمپیوتەر یەكەم ویندۆوزی بەخۆوە بینی و خەونی دوو هاوڕێکە هاتە دی.


    لە ئاداری 1986 ناوی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت كەوتە بازاڕ “بیل” و “ئالن” بوونە خاوەنی چەندان ملیۆن دۆلار، “بیل” بووە دەوڵەمەندترین كەس لە ئەمریكاو ژمارەی کارمەندانی کۆمپانیاکەی گەیشتە 1200 کەس، گەیتس، دەیویست لە تەمەنی 30 ساڵیدا ببێتە ملیۆنێر، بەڵام لە تەمەنی 31 ساڵیدا بووە ملیاردێر، لە ساڵی ٢٠١٧شدا سەرمایەکەی ٨٩ ملیار دۆلارو ٤٠٠ ملیۆن دۆلارەو، دەوڵەمەندترینی جیهانە.
    ئەو پێیوایە حەوت بنەما هەیە بۆئەوەی ژیانێكی باشتر بەڕێ بكەین، كە بریتین لە:
    ١- ژیان دادپەروەر نییە، دەبێ لەگەڵ ئەمەدا رابێیت، لە ژیاندا كەس دەستت بۆ درێژ ناكات، دەبێت‌ خۆت هەوڵ بدەیت و كاری قورس بكەیت تا جێگای خۆت بكەیتەوە.
    ٢- جیهان گرنگی نادات بە تۆ كە چی دەكەی و حەزت لە چییەو کارت چییە، بەڵكو دەبێت خۆت هەوڵ بدەیت جێگەی خۆت بكەیتەوە.
    ٣- دوای تەواوكردنی خوێندن و دامەزراندن، هیچ كەسێك مووچەیەكی زۆر باشت پێ نادات، بۆئەوەی ببنە بەڕێوەبەرو خانوو و ئۆتۆمبێلی باشتان هەبێت، دەبێت هەوڵ بدەن و ماندوو بن.
    ٤- ئەگەر پێتانوایە مامۆستاكەتان زۆر تووشی كێشەتان دەكات، هەڵەن، چونكە دوای دامەزراندن بۆتان دەردەكەوێ كە بەڕێوەبەرەكەتان زۆر لە مامۆستاكەتان زیاتر تووشی كێشەتان دەكات.



    ٥- كاركردن لە مەتبەخی هۆتێل یان چێشتخانە، لە كەسایەتیتان كەم ناكاتەوە، باوكانی ئێمە پێناسەیەكی دیکەیان بۆ ئەو كارە هەبوو، پێیانوابوو هەلێكە بۆ كاركردن.
    ٦- ئەگەر لە كارەكەتاندا سەركەوتوو نین، بنەماڵەتان بە تاوانبار مەزانن و واز لە بۆڵەبۆڵ بێنن، لەبری ئەوە ئەزموون لە هەڵەكانتان وەربگرن.
    ٧- لەم تەمەنەتدا هەمیشە باوك و دایكت لەگەڵتدان بۆ فێركردن و یارمەتیدانت لە هەموو بوارەكاندا، بەڵام هەموو كەس تا سەر دایك و باوكی بۆ نامێنێتەوە، دەبێ‌ لە هەڵەكانت فێر بیت و ئەزموونی ژیان زوو فێری خۆڕاگریت بكات، ئەگەرنا ژیان لەگەڵتدا بەبەزەیی نابێت.
    گەیتس دەڵێت: بێگومان مەبەستی هەر تاكێك ئەوەیە دەوڵەمەند بێت و سامانیش ئازادی و هێزێك بە مرۆڤ دەدات كە بۆ هەموو كەسێك بەچێژە، بەڵام ئەگەر پێی بگەیت، بۆت دەردەكەوێ چێژەكەی هاوتای چێژی هەمبەرگرێكە، سامان تا ئەو كاتەی نیتە، بوونی زۆر خۆشە، بەڵام ئەو كاتەی دەوڵەمەند بووی بۆت دەردەكەوێ چێژی نییە.


    گەیتس دەڵێ: ئەگەر بە هەژاری لەدایكبووی ئەوە هەڵەی تۆ نییە، بەڵام ئەگەر بە هەژاری مردیت ئەوە هەڵەی خۆتە، من لە هەندێ بابەت لە تاقیكردنەوەكان دەرنەدەچووم، بەڵام هـاوڕێكانم لە هەموو بابەتەكان دەردەچوون، لەدواییدا ئەوان بوونە ئـەندازیار لە كۆمپانیای مایكـرۆسۆفت، بەڵام من بوومە خاوەنی كۆمپانیاكە. هەروەها دەڵێ: من هەمیشە مرۆڤە تەمەڵەكان بۆ كارە سەختەكان دادەنێم، چونكە ئەوان ئاسانترین رێگا بۆ ئەنجامەكەی دەدۆزنەوە.

    لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵێکی میدیایی، خانمە پێشکەشکارێک لە گەیتس دەپرسێ: نهێنی سەرکەوتنت چیە؟
    ئەویش دەفتەری چەکەکەی لە گیرفانی دێنێتە دەرو پێی دەداو دەڵێت: فەرموو، چ بڕە پارەیەک دەنووسی بینووسە، پێشکەشکارەکە چەند چرکەیەک دادەمێنێ، گەیتس دەڵێ: من هیچ دەرفەتێک لەدەست نادەم وەک ئەوەی تۆ ئێستا لەدەستت دا، پێشکەشکارەکە داوای دووبارەکردنەوەی بەرنامەکەی کرد، گەیتس وتی: باشە، بەڵام ئەو دەرفەتەی لەدەستت دا دووبارە نابێتەوە.

    گەیتس هەرچەند زانكۆی جێهێشت و زۆرجار تووشی شكست دەبوو، بەڵام لە كۆتاییدا توانی ئیمپراتۆریەتی مایكرۆسۆفت دابمەزرێنێت و خۆیشی ببێتە یەكێك لە ملیاردێرەكانی دنیا، بە داهێنانەكانی كۆمپانیاکەشی جیهانی بە تەواوی بەرەو پێشتر بردو گۆڕانكاری ڕیشەیی ئەنجامدا.



    گەیتس پۆشاکی سادەیە و ژیانێکی سادە دەگوزەرێنێت، لەگەڵ میلیندای خێزانی و سێ مندالەکەی لە کێڵگەیەکی نزیک شاری واشنتۆن دەژین، ئەو پێیوایە خیزان کلیلی خۆشبەختییە نەک سامان، گەیتس ساڵانە نزیكەی ملیۆنێك دۆلار وەك باجی خانووەكانی بە حكومەت دەدات، منداڵەكانی تەنیا 10 ملیۆن دۆلار لە سامانی باوكیان وەك میرات بۆ دەمێنێتەوە، لە ساڵی ٢٠١٤ وازی لە سەرۆکایەتی کۆمپانیاکەی هێناوەو خۆی بۆ کاری خێرخوازی تەرخان کردووە، خاوەنی گەورەترین دەزگای خێرخوازییە لە جیهاندا، كار لەسەر نەهێشتنی هەژاری و چارەسەركردنی نەخۆشییەكانی ئیفلیجی منداڵان و مەلاریا دەكات، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠ ملیار دۆلاری لە كاری خێرخوازیدا خەرج كردووە، گەیتس دەڵێت: من و هاوسەرەكەم بڕیارمان داوە لەدوای مردنی خۆمان و تاكو بیست ساڵ دامەزراوەكەمان لەسەر كارە خێرخوازییەكان بەردەوام بێت.



    گەیتس دەڵێ: لە دابەشكردنی یارمەتییەكانمان جیاوازی ئایینی رۆڵ نابینێت، بەڵكو گەورەیی و هەستی مرۆڤایەتی گرنگترین و زێڕینترین پێوەرمانە، چونكە لە كۆتاییدا ئێمە لە ژیانمان لە دونیا هەموو یەكسانین.




    نوسینی محمد : موحەمەد عەبدوڵڵا






    نوسەر : Ahmad Muhamad
    • کۆمێنتی بلۆگەر
    • کۆمێنتی فەیسبووک

    0 comments:

    Post a Comment

    Item Reviewed: ژیانی بیل گیتس ودامەزراندنی مایكرۆسۆفت Rating: 5 Reviewed By: Ahmad Muhamad
    Scroll to Top